ئاڵەکۆک

کەمالی add_a_photo
کەمالی دیوانی کەمالی
١٠٧. هاتە نێو باخ دوێنێ دڵداری چەمەن ئارای من
هاتە نێو باخ دوێنێ دڵداری چەمەن ئارای من
گوڵ کوتوپڕ عاشقی بوو وەک دڵەی شەیدای من
بولبولی بێچارە هەستی کرد کە گوڵ باوی نەما
هات و سوجدەی بردە بەر باڵای گوڵی زیبای من
نامەوێ گیانە جواهیر سوورمە تەئسیری نییە
تۆزی ڕێتە نوور بەخشی چاوی نابینای من
هەروەکوو ئاوێنە سەرسامی سەراپای دڵبەرم
یەعنی قوربانی سەراپای یارە سەر تا پای من
دڵبەرم دوێنێ کە تووشم بوو بە عیشوە پێی وتم!
چۆن نەمردوویت تۆ لە حەسرەت لەعلی شەککەر خای من
یار ئەڵێن فەرموویە: وەختی مردنی من دێمە لای
تاکوو زیندووی کاتەوە لێوی مەسیح ئاسای من
پەیڕەوی حەمدی ئەکەم دائیم کەمالی بۆیە وا
ویردی خاس و عامە ئەشعاری تەرەب ئەفزای من

پەراوێز edit