وەرن ڕێک کەوین ئەی کوردی هەژار
بێ ترس بەردێک بۆ قەل چەند هەزار
لەپاش سەلاح و مظفرالدین
تا کەی زەبوون بین ژێردەستی ئەغیار
ئەگەر بێ بڵێن بۆچی ئەم غەدرە
دەڵێ یا عینی قد صار ما صار
ئینجا تو خودا وەرە شەق نەبا
وەرە تەق نەکا زەبوونی بەدکار
قسەی شۆبنهۆر کەوتەوە یادم
هیچ حەقی حەیات نییە بۆ هەژار
مردن واجبە بۆ مەردی فەقیر
قووەت بمێنێ تا ڕۆژی قەرار
بکوژرێنەوە فەقیرانی عار
لەپێش قەدەمی ئەقویای سالار
هەر ئەم قسە بوو ئەڵمانی سووتاند
لە حەربی عوزما بۆ خوێنی ئەغیار
ئاگری بڵند کرد بۆ ڕوویی زەمین
خوێنی ناسکان وەک جۆگە و ڕووبار
ئەرواح چوونە دەر لەنێو جەسەدیان
لاشەی بێنازان وەکوو بەرد و دار
ئێمەش کە وایە حەیفە بمێنیین
بکوژرێنەوە بۆ غەزای ئەغیار
ئەی لاوانی کورد ئیمڕۆ تاریکە
بەڵام ڕووناکە بۆ مەردی ناودار
ڕۆژی لێدانە بەرزی پێشکەوتن
یا شەهید بوونە بۆ نعم القرار
لە زوڵمی نامەرد با بچینە دەر
خوێنمان با بڕژێ لە ڕێی ئیفتخار
لە من دەپرسن من ڕاوەستاوم
بە ماڵ و بە سەر نەوەک دەرکەنار
شوورەی پۆڵا بین بۆ حیفزی وڵات
لە چنگ ڕووسیە و ئەڵمان و بولغار
فەریاد سەد فەریاد برایانی کورد
وا چاخی کارە هاوار سەد هاوار
بە حکومەتێک پەنا ببەستین
ڕاست بێ لەگەڵمان ساغ بێ وەفادار
بە مەدافع و ئالاتی جەنگی
ڕوو کەینە دوژمن بەبێ بەرخ و دار
مەرد ئەو کەسەیە کاری سەرکەوێ
نەوەک بکەوێ وەک لاشەی مردار
پیاوی باش بن غیرەت بنوێنن
دەستی هەڵێنن وەک شێری زامدار
ڕەئیسانی کورد وەڵام بنێرن
بۆ لای یەکتری لە یەک ئاگادار
خۆتان دەزانن هەموو نەهەنگین
لە دەریای شەڕی ڕۆژی توند و تار
فائیدەی ئێمە لە ئیتیفاقە
گەر موتەفیق بین دەبینە سەردار