سەبا دوێنێ لە وەختی نیوەڕۆدا قاقەزی هانی
لە پشتی زەرفەکەی نووسرابوو: بۆ بێخود، سولێمانی
کە زەرفم کردەوە چاوم بە ئیمزای سەروی «نووری» کەوت
وەکوو بولبول خەیاڵم کەوتە سەر ئەوجی غەزەلخوانی
لەپاش حەمد و سەناو شوکر و سوپاسی حەزرەتی بێچوون
لەپاش سەڵوات و تەسلیمی شەفیعی ئوممەتی جانی
وتم: ئەی خەتت و خامەت میل و سورمەی چاوی مەهجووران
وتم: ئەی بۆیی نامەت بۆیی جامەی ماهی کەنعانی
گەلێ ئەبیاتی تازەت ناردبوو بۆ من کە بیبینم
لە ئەووەڵ مەتڵەعا مەزموونی ئاخر مەقتەعم زانی
لە لەفزا شێعرەکانت گەر تەواو بوون وەک قەدی مەوزوون
لە مەعنادا بەڵام وەک کردەوەی خۆت بوون بە نوقسانی
لەباتی شێعر و میعری فارسی و کوردی ئەبێ جارێ
خەریکی دەرز و دەورت بی کە منداڵی دەبوستانی
دەخیلت بم لە حوسنی خولق و سەعیا قەت نەکەی سستی
کە سەعی و حوسنی خولقی خەڵقە ئەمڕۆ باعیسی نانی
لە کولبەی دیدەما گەر مەیلی ڕەققاسەت نەما، نووری
لە جەرگەی سینەما گەر سینەما باسی نەما، جانی
خودا ناکەردە پەندی من ئەگەر وەک دوڕ لە گوێ نەگری
هەتا ڕۆژی قیامەت هەر پەشیمان و پەشیمانی
ئەگەر ژانی وەها نەبوایە ڕۆماتیزمەکەی قاچم
ئەهاتم حەفتەیێ بۆ زیارەتی بەغدا بە میوانی
ڕووەو بەیتی خودا خاڵت ئەڵێ دائیم لەسەر بەرماڵ
لە وەختی پاش و پێشی نوێژی ئێوارە و سبەینانی
خوداوەندا بە جاهی خۆشەویستی خۆت بەدووری کەی
لە ئاسیب و بەڵا، ئەم خوشکەزایەم، خۆی و خزمانی