ئاڵەکۆک

بێخود add_a_photo
بێخود دیوانی بێخود
٤٦. برا خۆ تۆ لەلای خۆت مەخزەنی عەقڵ و کەماڵاتی
برا، خۆ تۆ لەلای خۆت مەخزەنی عەقڵ و کەماڵاتی!
کەچی تا دەوڵەمەنتر بی فەقیر و سواڵکەر و لاتی
بە تەحریکی هەوا دێیت و دەچی چەشنی شەپۆلی ئاو
سەراپا غەرقی گێژاوی غەم و بەحری خەیاڵاتی
ئەگەر مازیت لەدەس چوو هێندە بێ حاڵیشی ئەی غافڵ
لە ئیستیقباڵی خۆت ئاگات نییە چون بێ موبالاتی
بە قەسری ڕووی زەمین تێر نابێ، قەت چاوت وەکوو فیرعەون
خوا دەستت نەدا، دەستت ببێ ڕوو بۆ سەماواتی!
بە جاهی خۆت مەنازە، ڕۆستەمی قابیز لە ڕێتایە
ئەگەر سەد شاهی چینیش بی، کشێکت هاتە بەر ماتی
سولەیمان کوا نگین و ئاسەف و عیفریت و بەڵقیسی! ؟
سکەندەر کوا شکۆه و تەپڵ و بەیداخ و موهیمماتی؟
برا ناپرسی جارێ چی بەسەر هات حاڵی «کەیخوسرەو»
تەمیزێکت نییە تا تێ بگەی لەکوێیە میرئاتی
ئەلا ئەی دیدە تاکەی ناگریت و ناگری عیبرەت
کە حاجی شێخ ئەمینی خاڵ لە ئارادا نەما زاتی!
بە دووری خۆی ئەوا ئێمەی دوچاری دۆزەخی غەم کرد
خودا ڕوتبەی بڵند کا ڕووحی ئەو شاد بوو بە جەنناتی
کە هەڵگیرا جەنازەی، بوو بە مەحشەر دەشتی سەر قەبران
لەبەر گریان و قوڕپێوان و واوەیلا و عەشاماتی
ئەگەر بشبم بە سەحبان، ئەی ڕەفێق وا چاکە بێدەنگ بم
لەبەر بەعزێ نەفام نادووم لە کەشف و خەرقی عاداتی
لەوێ بووم حەزرەتی کاک ئەحمەدی شێخ باس کرا جارێ
لە فەزڵی خۆی و مەکتووباتی پڕ تەفسیر و ئایاتی
نزیکی غەوس و شاهی نەقشبەندی کردووە بیللا
بەڵێ سەیید ئەبێ بەم نەوعە بێ هەر حوببی ساداتی
کە میسباحی بهاء الدّین محمّد عالەم ئارا بوو
بە جەزبەی عەشقەوە عەرشی خودای ئەو بوو بە میشکاتی
کە ساڵی ڕیحلەتی ئەم موڕشیدەم پرسی لە پیری عەقڵ
بە حەرفی جەوهەری ئەم ئایەتەی کردم ئیشاراتی
لە سوورەی ئەنبیاء تا صالِحِین ئایەی وَ أَدْخَلْناهُ
بە تەئریخی وەفاتی موشعیرە بێخود حوڕووفاتی
کەسێ ئەولادی عەللامەی «ئەبووبەکری موسەننیف» بێ
کە عالەم خۆی ئەکا قوربانی تەحریری «وضوحات» ی
کەسێ نەسڵی شفیع المُذنبینێ بێ کە بڕژێنێ
بەسەر بێگانەشا لافاوی بارانی شەفاعاتی
کەسێ تەئریخی ئەو بێ ئایەتی تەبشیری قورئانی
بە من چۆن شەرحی ئەدرێ حاشیەی مەتنی کەڕاماتی
بە حەققی سینەیی ساف و دڵی مەسروور و مەحزوونی
بە بێ خەوفی لە مەخلووقی خوا و لە خوا مەخافاتی
بە حەققی ئاه و ناڵەی ڕۆژ و گریانی سبەینانی
بە شۆری نیوەشەو پاڕانەوە و سۆزەی موناجاتی
فەڵەک پڕ گریە بێ تا چاوی هەوری لێڵ و تاریکی
زەمین پڕ خەندە بێ تا لێوی غونچەی باخ و باخاتی
بەسەر ئەحفاد و ئەتباعی ئەوا بارانی لوتفی خۆت
بەخوڕ بڕژێنی یا ڕەب، نەک وەکوو جەد، بەڵکوو سەد قاتی

پەراوێز edit