ئەی بە ماڵ و بە سەر فیدایی وەتەن
وەی وەکوو کاکی خۆت برایی وەتەن
دامەنی کام و دەستی تۆ دوورن
تا بە ڕۆح ئەبیە گەردی ڕایی وەتەن
تا من و تۆ نەبینە پەروانە
شەوقی چۆن خۆش ئەبێ چرایی وەتەن
حیشمەتی خوسرەوی مەحاڵە هەتا
جانی شیرین نەکەن فیدایی وەتەن
بێ شرینقەی برایەتی هەرگیز
نییە چاری مەلاریایی وەتەن
بێ «کنین»ی یەکێتی و جیددی
زەحمەتە چاری لەرز و تایی وەتەن
لە کەمانچەی سەری من و تۆدا
تا ببێ نەغمەیی هەوایی وەتەن
ئاخری هەر بە یومنی لوتفی خودا
دێینە ژێر سایەیی هومایی وەتەن
یەعنی هەروەک درەفشەکەی کاوە
ئیشی خۆی هەر ئەکا لیوایی وەتەن
دوڕڕ و مەرجان و کارەبای کوردان
نێرگسە و لالەیە و گیایی وەتەن
لەعل و زومڕووت و گەوهەری ئێمەن
زیخ و بەردی کەژ و چیایی وەتەن
بە هەزار تەختی خوسرەوی نادەم
جێگەپێیێکی یەک گەدایی وەتەن
کاسب و پارە، زاهید و جەننەت
بێخود و خاکی دڵگوشایی وەتەن