ئاڵەکۆک

بێخود add_a_photo
بێخود دیوانی بێخود
١٢. سەحەر سپیاوی ڕووی ساماڵی خورشید
سەحەر سپیاوی ڕووی ساماڵی خورشید
شەفەق سووراوی گۆنەی ئاڵی خورشید
گوڵی بەیزا بەیازی باخی سینەی
شەوی یەلدا سەوادی خاڵی خورشید
بەهای کیشمیر و چاوجوانانی هیندە
گوڵی بادامی سوخمەی شاڵی خورشید
سوپیهری نازە، ژێرپۆتینی باتەی
ستارە و ماهە، مێخ و ناڵی خورشید
ئەکا دەفعی هەزار تا و لەرز و تیفووس
کەنینێکی جنێوی تاڵی خورشید
شەوێ نەمدی نەکا گەردوون بە سەد چاو
تەماشای پووڵەکە و دەسماڵی خورشید
ئەگەر ڕووی ماهی من ساتێ نەبینێ
ئەبێ ئاخۆ چ بێ ئەحواڵی خورشید
وەکوو لای ڕۆژپەرستان ئابڕووی برد
بە ئەستۆی بێ خوا ئۆباڵی خورشید
دڵا، تاکەی لە گوڵزاری خەیاڵا
وەکوو شەونم ئەبی عەوداڵی خورشید
وەرە تۆش وێڵی شەوقی شەورەوی بە
کە بەو ڕەش بۆوە چاوی کاڵی خورشید
بە تێغی ڕەمز و ئیعجابی کەمەندی
مەهی شەق کرد و بەستی باڵی خورشید
فیدای ئەو پێشەوایەم ڕاخرا بێ
لەبەر پێی جاهیا بەرماڵی خورشید
کەسێ باڵی مەلایک فەرشی ڕێی بێ
ئەبێ قەدری چ بێ، سیپاڵی خورشید
هەموو بۆ گەرمییی بازاڕی ئەو بوو
موغازەی چەرخی پڕ کووتاڵی خورشید
شوکر بێخود قیاس ناکرێ لەگەڵ پار
سوها لاڵانەوەی ئیمساڵی خورشید

پەراوێز edit