ئەی خودا، ئەی ڕافیعی نۆ سەقفی گەردوون، بێ عەمەد
نیعمەتت بۆ ئێمە لایُحْصی، سیفاتت لایُعَدّ
شُکرُ لِلّه تا دەوامی بێ لەگەڵ ڕۆحا، جەسەد
پڕ زمان و دڵمە یا ڕەب، قُلْ هُوَ اللّه أَحَد
زیکر و فیکری زاهیر و باتینمە اَللّه الصَّمَد
بێکەس و بێماڵ و جاهم یا رسول اللّه دەخیل
زۆر فەقیر و بێ پەناهم یا رسول اللّه دەخیل
تۆی بە وەڵڵا خزری ڕاهم یا رسول اللّه دەخیل
ڕێگە لێ ون بووی گوناهم یا رسول اللّه دەخیل
وا لە دەشتی چۆڵی عیسیانا خەریک ماوم مەدەد
تێکەڵی دنیای دەنی عەقڵ و دیرایەت ون ئەکا
سەیری مەلها سینەمای چاکە و عینایەت ون ئەکا
تۆزی بێ دینی عەجەب جادەی ویلایەت ون ئەکا
گێژەڵووکەی مەعسیەت ڕێگەی هیدایەت ون ئەکا
لَمْ یَلِدْ ڕۆشن کە بەرچاوم وَ لَمْ یُولَدْ مەدەد
غەیری تۆ نیعمەت بە کەس کام پادشای ذی شَأن ئەدا
تاج و نەجمەی لا و إلاّ بێ بەدەڵ نیشان ئەدا
ناوی تۆ سەروەت بە خاوەن ئێش و بێ ئیشان ئەدا
نەفیی و ئیسباتە کە زیکری ڕێ بە حەق پیشان ئەدا
وا منیش ڕێبواری ئەو ڕێیەم خودا بمکەی بەڵەد
ئەو حەکیمانەی کە کەششافی هەموو وشک و تەڕن
مووشکافی نوقتەنوقتەی حیکمەتی بەحر و بەڕن
عالمی دانا گەر ئەهلی چاکە یا ئەهلی شەڕن
مەشریق و مەغریب لە دەرکی زاتی تۆ کوێر و کەڕن
لَمْ یَلِدْ وەڵڵا ئەزەل چەشتت، وَ لَمْ یُولَدْ ئەبەد
فەوزییا وا ڕادیۆی لوتفی خودا بێ باتری
هاتە سەر ئیخباری عەفوی تۆ، نیهان و زاهیری
تۆش لە غەزنەینی سەنادا لێدە تەپڵی نادری
عاقیبەت محموودی کردی، چونکە إخلاص ئاخری
لَمْ یَکنْ لَهُ کاری پێک هێنای لەگەڵ کفُوا أَحَد