دڵی وێران لە هیجران بۆوە مەعموور
حەسەن دووبارە بوو خۆشکەیف و مەسروور
بە تەنها ئەو غەمەم ماوە لە دڵدا
کە بووم لەو بەزمەدا مەحروم و مەهجوور
«سەعیدولمولکی دیوان» شوکری لیللا
دەڵێن مەشغووڵی شایی و شادییە و سوور
بەڵێ، جێی شادمانی و ئینبیساتە
کە مایل بووی بە مەتڵووب و بە مەنزوور
دەڵێن دەستبەندیانە ماهڕوویان
لەسەر سینە دەلەرزن زولف و بەرموور
وەکوو پۆلی قورینگ و تاوس و کەو
کە دێن بۆ هەڵپەڕین خووبان بە جەمهوور
کە دەس دەگرن بەڕیز بۆ هەڵپەڕینێ
وەکوو قاز و قورینگی سەربەرەژوور
کچۆڵە و پیاو و ژن دەستیان لەدەس یەک
وەکوو عیقدی سوڕەییا وان، جەم و جوور
لەسەر سمتانە پشتێندی شەدەی شل
لەبەر پێیانە لفکەی پووڵەکەی دوڕ
لە ڕۆینە کۆترن، لەنجە مراوی
بە بازی هەڵپەڕین، ئاسکی کەفەڵ کووڕ
گوڵ و گەردنلغ و گوارە و قەتارە
لە ئەستۆ و دەوری سەر، «نووری عەلا نوور»
بە ڕوو سوور و سپی، چاوی گەش و ڕەش
بەبێ سووراو و سپیاو و کلی توور
دەڵێن ئەوڕۆ وەتاغی تۆ بەهەشتە
کە پێیدا دێو و دەچن غیلمان وەکی حوور
لەسەر ڕوودا بڵاو بوون خاڵ و پەرچەم
دەڵێی تێکەڵ کراون میشک و کافوور
لەسەر کوڵمان عەرەق وەک شەبنەمی گوڵ
کە هێشتا لێی نەدابێ شیددەتی نوور
خشەی شەڵواری خارا و ئەتڵەسە دێ
زڕەی خڕخاڵی زێڕ و زەنگی پاموور
کراسی مەخمەڵی زەرد بوون لە تۆزا
تکەی ئارەق ڕەشی کرد چەکمەیی سوور
لەلایێ هەڵکراون قۆڵی «زێوین»
لەلایێ دەرخراون پووزی بللوور
قەد و ئەندام و سمت و پووز و پاشن
خڕ و باریک و گرد و شووش و ئەستوور
کەنیزی وا دەبێ ڕەقس و سەما کەن
کە بەو ئەوسافە بن مەخسووس و مەشهوور
«ئەدەب» نابێ لەنێو ئەو بەزمەدا بێ
هەتا لادەن کچان ڕووبەندی فەخشوور
جلیت بازان لەلایێ هاتەهاتە
لە ترسی داری وان پشتی فەلەک کووڕ
لەلایێ نێزەبازان حەملەوەر بوون
لە هێرشدان، دەدەن چەرخی فەلەک سووڕ
دەبێ بێن «حاجی بابا» و «ڕەحمەتوڵڵا»
بڵێن ڕاک و حیجاز و شوور و ماهوور
بڵێن «خانە» و «حەسەن» با بێن بە جووتە
بەدایم نەغمەخوان بن، مەست و مەخموور
لەلایەک نرکەیی زوڕنا و دەهۆڵە
لەلایێ ناڵەیی نەی دێت و تەنبوور
لە دەوری شاییدا، دوژمن بە حەسرەت
وەکوو گۆڵی مەڕی دەس کەن بە سەگلوور
وەکوو ڕێی کەهکەشان، ڕیزی مەجوعمان
کە دێنن، دادەنێن بەو داب و دەستوور
بە ئوممێدی عەتان خەڵکی لە دەورەت
سولەیمانی دەڵێی، ئەو عالەمە موور
لەبەر شەهدی سەخات ئیجماعی عالەم
دەبینم دێیەکەت وەک شارەزەنبوور
لە هەر لایێ دەڵێن هەر عەیش و نۆشە
هەزارخۆزگەم بە میوانی دەر و ژوور
لە دەوری مەنقەڵی جەمعێک بە دەورە
دەکێشن، دادەنیشن بەنگ و کافوور
دەبێ تەختێ دروست بکرێ لە سەندەڵ
دەبێ وەستا لە هیندێ بێ و لە لاهوور
لەژێر تەخت ئێستری دوڵدوڵ سیفەت بێ
دەبێ ببنە یەدەک شەبدیز و لاهوور؟
دەبێ قەیسەر سەری مەحمیل بکێشێ
دەبێ مەیدان بماڵێ ئیمپراتوور
خەدێوی میسر ئەبێ شەربەت بگێڕێ
دەبێ بێڵداری ڕێ بێ شاه و فەغفوور
دەبێ موتریب «نەکیسا» و «باربەد» بێ
بە نۆرە دانەنێن قەت، ساز و سەمتوور
دەبێ «شیرین» و «شەککەر» ببنە ساقی
لە زومڕەی نازران «پەروێز» و «شاپوور»
«ئەسەد» دەیکا قڕانی هەردوو «سەعد»ەین
لەنێو بورجان بووە بەم بۆنە مەغروور
دەبێ بۆ گاووگەردوونی، کەڵ و گا
دەبێ بۆ سەربڕین بێنن شەک و کووڕ
خودا بکا دائیمەن وا شادمان بی
عەزیزی ئارەزووت خۆی بێ لەڕێی دوور
هەمیشە دێیەکەت وا ئاوەدان بێ
وڵاتی دوژمنت وێران و خاپوور
لە «داشاڵووجە»ڕا حوجرەی فەقێیان
لە دووریی مەوتەنی تۆم زار و ڕەنجوور