عەنبەری زولفت بەدەم سەبا دە
لەسەر مانگی ڕووت هەوری مووت لادە
تا ڕۆژ وەکوو شێت، ڕوو لە کێوان کا
تۆزی غوسسە و غەم هەستە بە با دە
لە عیشقت مردم، وەسییەتت بێ:
بۆخۆت بمنێژە، تەڵقینم دادە
تا بڵێن زوححاک مار لەسەر شانی
تایەک لە زولفی چین چینت بادە
بە جامی دیدە، جەمشیدی جەمە
بە تەختی سینە، وەک کەیقوبادە
کوتم کوشتوومت بە غەمزە، فەرمووی
شێوەی شیرینە، ڕەسمی فەرهادە
لە دووری باڵات شەو هەتا سەحەر
کارم گریانە، پیشەم فەریادە
تاکوو پاماڵ بێ خوێنی مەزلوومان
پەنجەی شمشاڵت، ڕەنگ و حەنا دە
بە ئوممێدی وەم بێیە سەر قەبرم
بۆیە وا حەسەن بە مردن شادە