ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
٨٩. شوهرەت ئافەتە و شوهرەت فەڕەنگیی
شوهرەت ئافەتە و شوهرەت فەڕەنگیی
زۆربڵێ نەگبەت، عیززەت بێ‌دەنگیی

تێهەڵچوو دائیم سەر لە بەڵایە
گۆشەگیر هەرگیز کێشەی بەرنایە

شەرخۆش بە، بەڵام دەنگت دەرنەیە
دڵت گەرم بێ و کزەت لێ نەیە

بەوە دڵخۆش بە، کە لێت بپچڕن
نەک پارەت بەنێ و مەردیت بکڕن

تا تاڵ و سوێری دنیا نەچێژی
هەرچیت هاتە دەم ئەوە ئەیێژی

بە قاڵ‌کراوی کە هاتیە کایە
گوێزت لێ بارکەن خڕەت لێ نایە

ئەگەر ڕەفیقت کەوت دەستی بگرە
هەرچی بێ ئەویش ئەوەی لە فکرە

بەڵام بۆرە پیاو بە هیچ نازانێ
قەدری مەگرە، بە لەتە نانێ

هەندێ کەوتوونە سەودای مەبعووسی
زۆریان هەوڵ دا خودا نەینووسی

ئەم جارە نۆرەی تازە قەڵدایە
بگرە و بەردەیە، هەوڵ و هەڵدایە

خەڵک وا دەزانن بە دەست ئێرەیە
هەر ئەو خەرمانە و هەر ئەو گێرەیە

گای بنە وەک گای ژێر زەمین بەندە
بە ئێمە ناڵێن: کەرت بە چەندە

باز هەڵدەن "مەبعووس" پێی بێتە کایە
بەڵام باز چاوی لە گۆشتی گایە
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٥٠٧.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit