ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
١٣. تاق‌تاق‌کەرە
تاق‌تاق‌کەرەکەی سەر داری کانی‌
بۆچ ئەناڵێنی ھەتا بەیانی

ھیچ کەس ناتوانێ تا ڕۆژ بناڵێ
‌مەگەر عاشقی سەودایی خاڵێ

ئەوە من دیارە بۆ یار ئەناڵم
‌تۆ پەیجۆری کێی هاوار بە ماڵم؟ !

«من گەنجی شادیم جەردەیەک بردی
تۆ چیت لێ قەوما، کێ وای لێ کردی»

«من ڕوخسارێکی وێنەی شەمم دی
دەردی پەروانەم لێ هاتۆتە دی»

«ناڵەی من لە شەوق ئەو ڕوخسارەیە
‌ئاھم لە دووری ئەو دیدارەیە»‌

‌تۆ کێ دەروونی وا ھەڵقرچاندووی
‌کام کافر وا بەم دەردەی گەیاندووی‌

«من سووتاوی ئەو شوعلە و ئەو نوورەم
دێوانەی جەزبەی ئەو کێوی توورەم»

مووسا (أرني)ی وت، کەوتە تکا
بە (لَن تَراني) ئابڕووی تکا

منیش تەمەنای دیدارم ئەکرد
لە جیاتی دیدار ئەم عەشقەم وەرگرت

دیارە من و تۆ ھەردوو ھام‌فەردین
‌ھەر دووکمان وەک یەک تووشی یەک دەردین

وەرە ھەردووکمان ناڵەمان یەک‌خەین
‌بەڵکوو بەم عەشقە نیشتیمان سەرخەین
پیرەمێردی نەمر، دیوانی پیرەمێرد، بەرگی دووەم، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ١١٧.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit