ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری وەسفی
٦. ناوقەدی چلەی زستان پچڕا
ناوقەدی چلە زستانمان پچڕا
ئەمڕۆ پشکۆکەی هەوامان گڕا
هەوا بەتینی ئەو تەشقی شکا
پەنجەی لەگۆ چوو پێکەوە لکا
بەفری سەرچاوەی زەڵم توایەوە
هەتاو کەوتە تین رۆژ گەڕایەوە
لەوبەرمانەوە، لە نێرگزەجاڕ
نێرگز بە بۆنی خۆشی کەوتە جاڕ
بەو چاوە جوانەی وەک دیدە مەستان
ئاگری خستە ناوجەرگی زستان
شێوەی شیرینی نێرگز لەو ڕێیە
ئەفسونی شێوەی شیرینی پێیە
کە ئەڵێن نێرگز ئەڵێ کێ؟؟ ئەو کەس
گۆشەی چاکی دڵ بەرنەدا لەدەس
راستەوە بوونە بەو چاوە جوانە
بە دوولا نەشئەی بۆ دڵ و گیانە
لەساڵی ١٩٤١ دا ئەم هەڵبەستە لەکاتی خۆیدا پیرەمێرد بەناوی (زەردیانی)یەوە بڵاوی کردۆتەوە

پەراوێز edit