ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی سروود و بەستە و گۆرانی
١. ئێمە کە کوردین لە لامان وایە
ئێمە کە کوردین لە لامان وایە
زوبانی کوردی زۆر بێ‌هاوتایە

لاوکی کوردی، دەنگی زەبوورە
جنةالمأوی لە شارەزوورە

سەلاحەددین و کەریم خانی زەند
بابا شەڕەف‌خان شای کۆی دەماوەند

قارەمان قادر، فیدائی فوئاد
لە ڕێی وەتەن‌دا بە جەننەت بوون شاد

گەورەی هیچ قەومێک وەک گەورەی کوردان
لە ڕێی وەتەن‌دا نەبوون بە قوربان

فیکری میللیان ئیحیا کردەوە
قەدری وەتەنیان ئەعلا کردەوە

شادین ئەی میللەت بۆ ئەو گەورانە
فەخری تەئریخی لایق بەوانە

ناویان ون مەکەن بە خاس و بە عام
تاکو دەس کەوێ ڕۆژی ئینتیقام

بێنە جووڵەجووڵ با ڕوحیا شاد بێ
پێی میللەتەکەم لە بەند ئازاد بێ

کچانمان لە ژێر بەیداغی ڕەش‌دا
چاو هەڵنەهێنن بە خوێنی گەش‌دا

بە خوێنی لاوان وەتەن نەجۆشێ
میللەت بۆ وەتەن سیا نەپۆشێ

هەزاری وەک من هەتا نەکوژرێ
بە قەڵەمی خوێن شیوەن نەنووسرێ

ئەم میللەتەی کورد ڕزگاری نابێ
بێ شک ئەم ئیشە ئەبێ هەر وابێ
دیوانی پیرەمێردی نەمر، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول (هاوار)، لاپەڕە ٣٤٧و٣٤٨.
چاپی ئومێد ئاشنا، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ١٧٥و١٧٦.
نووسین: ناشناس

پەراوێز edit