ئاڵەکۆک

ئەخۆل add_a_photo
ئەخۆل دیوانی ئەخۆل
٥٨. پێنج خشتەکی لەسەر غەزەڵێکی «کوردی»
وەها کەوتوومە ژێر بەندی خەم و هیجری ستەمکارێ
هەمیشە زار و ناڵینمە لە حەسرەت عەشقی دڵدارێ
دەسا توخوا ڕەفیقان بێن بە دەنگ ڕۆرۆمەوە جارێ
«ئەمان مردم عیلاجێ سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویسالە، یا قەتڵە یا تەسکین لە هەرسێ بۆم بکەن کارێ»
خوا ئەم ئێش و ئازارەم بە زامی عەشقەوە تا کەی
بەسە ئیتر لە عومری نەوجەوانی خۆم نەکرد ئۆخەی
دەخیل ئێوە و خوا یاران عیلاجم کەن بە جامێ مەی
«وەها سووتاوم ئەسلەن تابی فریادم نەما سا دەی
ڕەفیقان نیوە سووتن ئێوە نامەرد عەرزە هاوارێ»
تەماشای چۆن ئەکێشم بۆی جەفاو و قەهری مەفتوونی
لە دەستا تیشەیی فەرهاد، لە سەردا شۆڕی مەجنوونی
لە حەسرەت قامەتی بەرز و فیراقی لێوی مەیگوونی
«لە کونجی سینە دەنگی ئای و وای دڵ دێ بەمەحزوونی
وێران بێ نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ»
هەموو خاکی بەری پێتم وەکوو عەنبەر بەسەردا کرد
ئەوەت لایەق نەبینی پێم وەکو عەنبەر بەسەردا کرد
خوا هەڵناگرێ گیانە منت شێت و بەڕەڵڵا کرد
«ئەلای هەر کەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆچی ڕیسوا کرد
درێغ بۆ حاڵزانێ، ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ»
بە سۆزی گریەوە چاوم هەمیشە سوور و نەمناکە
سەراسەر سنگی بەدبەختیم هەتاکوو دامەنم چاکە
لە خوێنا تل ئەدەم بەسیە وەرە حاڵم تەماشا کە
«لەژێر باری غەما وا شانی سەبرم ڕیشە ئیستاکە
فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بۆتە سەربارێ»
گڕی بەرداوەتە جەرگم بە سەودای عەشقی وەک ئاگر
کەساس و دڵبرینار و پەرێشان.. بەو بەشەم سابر
ئەوەندەش دڵڕەقە بۆچی گوناهی من چییە ئاخر؟
«لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەسیە دەڵێ کافر
هەما چەت دیگە تۆ سەگ مەرگە کارم ماگە پێت جارێ»
لە مەی غافڵ مەبە ساقی زڕەی فنجانەکەت با بێت؟
بە نەشئەی جامەکەی تۆیە غوباری غەم لە دڵ دەرچێت
لە هوشیاریم بەدەر کە هەی سەر و ماڵم فیدای تۆ بێت
«سەبا یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت
بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێ»
ئەخۆل هەر بگری تا دەمری لەسەر قەبری جەوانمەردی
بە قەد لێزمەی بەهاران و گوڵالە و شەستپەڕی زەردی
سەراسەر سوور و ڕەنگین کە بە ئەسرین ئەلحەد و بەردی
«دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی
درێغا کوا لە دنیادا قەدرزان و خریدارێ»؟
ئەمان! مردم عیلاجێ، سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ
ویسال یا قەتڵ یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ

وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فەریادم نەما سادەی
ڕەفیقان نیوە سووتن، ئێوە نامەرد، عەرزە هاوارێ

لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی
وێران بێ، نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ

ئەلای هەرکەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆچی ڕیسوا کرد؟
درێغ کوا حاڵ زانێ؟ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ

لە ژێر باری خەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە
فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بوو بە سەربارێ

لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەس بێ دەڵێ کافر
ئەمە چیت دیگە؟ تۆ سەگ مەرگی کارم ماگە پێت جارێ

سەبا! یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت
بڵێ کێشاویەتە مەیخانە چاوی بێچووە عەییارێ

دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی
خوا سا کوا لە دنیادا قەدر زانێ، خەریدارێ؟

«کوردی»

پەراوێز edit