ئەی فەلەک تاکەی لە دەس تۆ: شینی تۆ گریانی تۆ
تا بەکەی نەبڕێتەوە هاواری تۆ، ناڵانی تۆ
تا بەکەی چاوی یەشاوی ەومی بێکەس، ئەشکی خوێن...
هەر بڕێژێ یەک بە دووی یەکدا، نەدەی ئامانی تۆ
پڕ برین ئاه و ئەنین... بۆ نەسرەوێ ساتێ دڵی!
دایکی لێقەوماوی کوردی بێسەر و سامانی تۆ
دەی وەرە سا پێکەوە با دەستە ئەژنۆ شین بکەین
تۆ بەیادی پیرەمێرد و من بە سوێی جوانانی تۆ
پێکەوە بگرین بە یەک دەنگ بانگ بکەینە پیرەمێرد
پێی بڵێین ئەی پیری جوان دڵ پێشڕەوی جوانانی تۆ
خاڵە: مردی نامری هەرگیز لە گیانی میللەتا
ناوی تۆ نیشانی تۆ کرداری بێ پایانی تۆ
بووبە نەخشی بەرد لە دڵدا... زەحمەتە کوێر بێتەوە
یادگار و ڕەمزی ناوی «ژین» ی تۆ بۆ «ژیانی» تۆ
تا ئەبەد وێردی زوبانە قەت لە بیر ناچێتەوە
زەمزەمەی شیرین و تازەی لاوک و حەیرانی تۆ
پەیڕەوی دواڕۆژە، حەلقە گوێیە بۆ گەورە و بچووک
پەندی پڕ تەئسیر و مەعنا، پەندی پێشینانی تۆ
هەر لە گردی یاری یارەت مەڵبەنی جوانی و بەهار
باقیە و باقی ئەبێ، نەورۆزی تۆ سەیرانی تۆ
زۆر لە مێژە چاوەڕێتە گیانی پاکی مەولەوی
بۆت پەرۆش بوو ئاه و ناڵەی «پیرەکەی پیرانی» تۆ
تا هەزاران ساڵی تر ئەو عەشقە پاکەی زین و مەم
ڕووپەڕەی ڕەنگین ئەکا تەئریخی کوردستانی تۆ
خوات لەگەڵ خاڵە بنوو بێ باک لە تانەی ڕۆژگار
پێنج و دوو ڕۆژە ئەبینە هاودەم و میوانی تۆ