ئاڵەکۆک

ئەخۆل add_a_photo
ئەخۆل دیوانی ئەخۆل
٤٩. ڕەنجی بێ بەر
ڕۆژی بەهارێ دەمی خۆرهەڵات
خەیاڵ بردمی وڵاتەووڵات
لەبن کێوێکا لە پەنا بەردێ
کێوی زەمانە نەک بەردی هەردێ
لەژێر توێژاڵی دوا بەفری زستان
کە زێڕین ئەبێ بە خۆری بەیان
دیم چووزەرەیەک وەک نەمامی دار
لە زستان دەرچوو، گەییو بە بەهار
لە کۆنە جێگەی گەڵای وەریوی
دوو گۆپکەی تازە لەم دیو لەو دیوی
لەولاوە لەسەر بەردێکی بەرزتر
بێچووە بولبولێک هات بە فڕەفڕ
نیشتەوە لەسەر ئەو چڵە دارە
کە نەڕەنگی گوڵ نە گەڵای دیارە
پاش نەختی خوێندن ڕۆیی بۆ دوا ڕۆژ
هاتەوە لای چڵ وەک سۆفی بۆ نوێژ
ڕۆژ بوو بە هەفتە، هەفتە بوو بە چوار
بێچوو بێوچان ئەیخوێند لەسەر دار
تا دار گەڵای کرد خونچەی دا دیاری
وای لێهات بلبل بخاتە زاری
خونچە گەشاوە شەونم لەسەر زار
وەک لێوی دولبەر بڕ نەشئە و ئاودار
کەچی لە ناکاو خاڵۆی ڕێبوارێ
نووشتاوە بەسەر گاڵۆکە خوارێ
چاوی کەوت بە گوڵ لەناو چەن چڵا
شیرینیی گوڵی چەسپی بە دڵا
بێ لێکدانەوە لە چڵی پچڕان
بە گاڵۆکەوە کەوتەوە ڕێوبان
پاش تۆزێ سیس بوو هەڵی پچرکان
کزەبا پەڕی لە دڕکێک ئاڵان
گیانە من بولبول تۆش گوڵخونچە بووی
شای نەوجەوانی و لار و لەنجە بووی
پەروەردەم کردی لەناو لانکی دڵ
لایلایەم کردی بە سۆزەی بەکوڵ
بە فرمێسکی سوور بە شەو بێداری
لەلای تۆ فێر بووم دەرسی دڵداری
کەچی چەرخی چەپە تۆی لێ فرانم
ڕەنجەڕۆی کردم ماڵی وێرانم
وا لەگەڵ بولبول یەک دەنگ و ئاوات
ئەو ئەگری بۆ گوڵ منیش بۆ وڵات

پەراوێز edit