ئەی گردی سەیوان سەیوانی سێوان
ئەی کەنزی گەوهەر سەرتا بە لێوان
هەر خوا ئەزانێت چی لە دڵتایە
چەن گوڵی وەریو لەژێر چڵتایە
تۆ گوڵزارێکی خارە سەمەرت
وشکە شۆڕەبی نار و عەرعەرت
هەر گەڵایەکی کە لێت ئەوەرێ
پارچە دڵێکە و گۆشەی جگەرێ
هەر پەڕێ گوڵی ئەرخەوانەکەت
هەر دەنکێ گڵی بیابانەکەت
لە خوێنی گەشی چەن جوان و پیرە
لە ئێسکی سەری چەن گەدا و میرە
سەوزە وردە گیات بەڵام ئەبوایە
بەپێچەوانە ڕەنگی سوور بوایە
چون لەسەر لاشە و دڵان ڕواوە
بە خوێناوی گەش ئاویان دراوە
بەڵام تا دوێنێ بەڕاست گوڵشەن بووی
مێرگ و مێرغوزار باغ و چەمەن بووی
لەسەر چڵانت بولبول و قومری
دڵشاد ئەیانخوێند ئێستاکە ئەگری
چەن جووتەی دڵخواز بێ جەور و مەینەت
لەسەر سینەی تۆ ئەیانکرد عوشرەت
ئێستاش ئەوانەن کەوتوونە بەرپێ
ئێسقانیان بۆتە خاکی سەرەڕێ
ئەی گەردوون کە تۆ ئەمە بێ وەفات
بۆچی بمێنم بکێشم جەفات؟
قەسەمت ئەدەم بە حەقی یەزدان
وەرە تا زووە بمنێرە سەیوان
وەک لە دنیادا کەوتوومو بەرپێ
با لەوێ ببمە خاکی سەرەڕێ