کچانی دێهات هەناسەسەردن
وەک بەهار ئەڕوێن وەک پاییز زەردن
هەر نامرادن گیرۆدەی دەردن
سەبەبکاریان دڵ دار و بەردن
ئەیاندەن بە شوو بە ئازار و ئێش
دڵ پڕ لە میحنەت هەناسەهەڵکێش
ئەیدەن بە کەسێ هەرچەن بەشەرە
لە دێو خراپتر لە عام بەدەرە
کچ بە ڕوو وەک ڕۆژ، قامەت عەرعەرە
پەرچەم عەنبەرین گۆنا گەوهەرە
***
بۆ تاریکی شەو کوڵمی چرایە
بۆ خەرمانی خەم شەماڵەی بایە
پۆل پۆل خریدار بەگ و گەدایە
سەد نمەدپۆشی شێخ و مەلایە
***
قامەتی بەرزی شێوەی چنارە
زوڵفی پڕ شەوقی عەینی ڕەشمارە
میسک لە ڕوویا خەجاڵەتبارە
نەوەکوو جارێ یەک بە هەزارە
ئاشکرا ئەڵێم نەک بە نیهانی
بۆ زوڵێخا بوو یۆسفی سانی
کچ بێ یا کوڕ بێ هەردوو ڕۆحانین
عالەمی زەوق و ئەهلی نەفسانین
مەخلووق و عەبدی باوک و برا نین
مەعلووم بەشەرن خۆ کەر و گا نین
***
نایدەن بە هەرزان یا بە خۆڕایی
ئەیخەنە هەڕاج بەناو ئاوایی
زەم و زەمکاری تا فلس و شایی
کە ناویان ناوە ڕەسمی شیربایی
***
کە قەراری گرت لەسەر هەر کەسێ
هیچ تەفرەی نادەن تەنیا نەفەسێ
ڕەزامەندیی کچ کەس لێی ناپرسێ
هەزار هاوار و دادی بە فلسێ