ئاڵەکۆک

موفتی پێنجوێنی add_a_photo
موفتی دیوانی موفتی پێنجوێنی
٩٢. پێنجوێن مژدە بێ تۆ بەختیاری
پێنجوێن مژدە بێ تۆ بەختیاری
تا ئێستا دێ بووی ئەمجارە شاری
تۆ یەک لاشە بووی بێ ڕۆح و بێ گیان
ناوێکی گەورە و شارێکی وێران
لە سایەی بەرگی نەخشین و ڕەنگێن
جوانە ئەمجارە پێت بڵێن پێنجوێن
جوانتر لە پاریس خۆشتر لە لوبنان
ڕازاویتەوە بۆ جێگەی سەیران
جادە و شیویشت دەسکاری بکرێ
لام وایە ناحەز بتبینێ بمرێ
خۆ ئەگەر بتکەن بۆ جێی هاوینە
وێنەی تۆ نابێ لەم سەرزەمینە
جەلال بەگ خالید گەورەی لیوامان
بوو بە جێی پەنا و پشت و هیوامان
ڕۆحێکی هێنا کردی بە بەرتا
تاجی زێڕینی کێشا بە سەرتا
کردیتی بە بووک، بووکی چواردە ساڵ
سەرتاپا نەخشین، دەس پڕ لە خڕخاڵ
داوا کە لە خوا هەر پایەدار بێ
تا سەر سێبەری سەری هەژار بێ
یا خوا بایز ئاغاش بژی بە خۆشی
بە ڕاستی ئەویش بۆ تۆ تێکۆشی
هەوڵێکی بۆ دای بە ڕۆژ و بە شەو
نە ئارامی بوو نە خۆراک و نە خەو
کۆتایی نەکرد لە زۆر و لە کەم
تا ئاواتی تۆی هێنایە بەرهەم
لە خۆی حەرام کرد خەو و خۆراکی
تا خاکەکەی تۆی خستە ڕووناکی
خۆت و میللەتت هەتاکوو مابن
بۆ ئەم دوو کەسە دەس بە دوعا بن
بڵێن هەردووکیان لە بەڵا دوور بن
وەک تۆ ڕووناک و دڵ پڕ لە نوور بن
موفتی بە تەنیا بەقەد هەموو کەس
سوپاسیان ئەکا تا ئاخر نەفەس
وەسی و مەلیکمان خۆشەویستی گشت
بۆ عێراق بە جووت بوون بە پەنا و پشت
سێبەری ئەوان پێنجوێن بۆ تۆش هات
شەو بوو لەناکاو ڕۆژمان لێ هەڵات
دیمان بووی بە شار، شاری کەس نەدار
ئاخ ئەکرای بە جێی هاوینەهەوار
وەسی و مەلیکمان خۆش بن هەتا سەر
باخی ئومێدمان یەک یەک دێتە بەر
ئاخ چەم و شیوی پڕ لە مێش و مار
جوان دائەپۆشرا ئەکرا بە گوڵزار
ئەوسا نەخۆشی و لەرز و سێبەڕۆت
ئەچوونە زیندان ئەخرانە ناو کۆت
ئەبووی بە باخێک وەک باخی بەهەشت
عەتردار ئەبوون کێو و دەر و دەشت
گەر گەورەی وڵات هیممەت بنوێنێ
لەسەر بەردی ڕەق عەرعەر ئەڕوێنێ
دانیشن بە شاد بژین بە خۆشی
دوور بن لە بەڵا و دەرد و نەخۆشی

پەراوێز edit