پیرەکەی وەتەن خەمخواری فەقیر
بۆ هەزار فەقیر بوویتە دەستگیر
هەتاکوو ماوم سوپاست ئەکەم
لە هەموو لایەک من باست ئەکەم
بەینێکە ناوم لە ژینا نییە
هەڵبەت ئەزانی واستەی چییە
حاڵم پەرێشان دەردم کارییە
بەڕووی نزارم قەندەهارییە
گونیە و حەسیرم قاڵ و شیرداخە
کاسە و گڵێنەم پیاڵە و پەرداخە
ژاژی قلیانم چایی سیلانە
نانی هەرزنم شەکری فنجانە
لەم ڕۆژی ڕەشا نۆ سەر خێزانم
کاسبکار خۆمم پیر و بێ گیانم
تا نان ڕێک ئەخەم بەرگم دڕاوە
لە هەوڵی بەرگا جەرگم بڕاوە
تێفکرە قوربان لەم چەشنە ژینە
هۆشم چۆن لەسەر مەقالەی ژینە
مەگەر هەر بڵێین یاڕەبی هیتلەر
زوو ڕەنجەڕۆ کەی، بیکەی دەربەدەر
ئەم ئاگرە کە وا بەربۆتە دڵمان
خوا هەق بسێنی لە شەڕی ئەڵمان