قسەی زانا:
نەزان لە داخت حاڵم پەشێوە
وەک سەرخۆش بێهۆش ئەڕۆم بەڕێوە
بۆ خاک و وەتەن میقرۆب و دەردی
بڕوانە وێنە و ڕوخساری زەردی
وەڵامی نەزان:
زانای قوڕبەسەر غەمباری داماو
تۆ ژیانی خۆت بێنەرە بەر چاو
نە ڕۆژت ڕۆژە نە شەوت شەوە
نە چاوت تاوێ ئاسوودەی خەوە
گەه غەمی وەتەن گەه غەمی نەزان
گاهێ غەمی ماڵ بۆ بەرگ و بۆ نان
لێفە و دۆشەکت هەر دڕک و داڵە
بمری باشترە کەی ئەمە حاڵە
لەگەڵ خاتەدا دەست لە ملان ئەبین
هەتا بەیانی شەوق و پێکەنین
هەر پەزەکانم دوور لە بەڵا بن
بە تاکە تاکە و بە جووتە زابن
نایدەم بە هەزار گۆشت و پڵاوت
بگری بۆ حاڵ و خەیاڵی خاوت