لام وایە ڕۆزی نابارێ بۆ کەس
ئەسووڕێتەوە ئەم دەس بۆ ئەو دەس
یەکێ پێنج ساڵە خەریکی ڕەنجە
یەکێ تر ئەیبا بە زۆری پەنجە
یەکێ بە بەرماڵ یەکێ بە ماڵبڕ
یەکێ بە توربەی دەروێشی کەڵوڕ
یەک بە بەرماڵ، بە تەزبیح و ڕیش
ئەژی بەدایم بێ کار و بێ ئیش
یەکێ لە بەهار هەتاکوو پاییز
کاسبی ناکا نایدا بە ئازیز
تاکوو ئاغای دێ هەمووی بەش ئەکا
هەروەک برابەش لە دان و لە کا
یەکێ بە خەڵوە و چلەکێشانە
لە سەد لا بۆی دێ بەبێ پێوانە
یەکێ ڕێگرە و جەردەی سەرملان
چی بەر پەل کەوێ ئەیبا بە تاڵان
یەکێ خاوەنی جنۆکە و دێوە
بۆی دێ هەموو شت لە شار و دێوە
یەکێ بە دوعای ئەبوودووجانە
دینارێک ئەبا سەرقەڵەمانە
یەکێ بە گەز و مەتر و ترازوو
دەوڵەمەند ئەبێ بە زۆری بازوو
یەکێ بە مادەی قانوونی بەغدا
بەشی خۆی ئەبا بە سات و سەودا
یەکێ بە زەرگ و شمشێر و کەشکۆڵ
کۆی ئەکاتەوە بە بار و بە کۆڵ
بەڕاستی ڕۆژی عەرەق ڕێژانە
بەرهەمهێنانی باخ و بێستانە
جووت و فەلاحی و عەرزکێڵانە
ڕۆژی کە وا بوو پوخت و جوانە