موفتی:
شیعر ژیانت بردم بە تاڵان
خەوتم دوا کەوتم لە ئاوسێماڵان
من بەهۆی تۆوە بەجێمام لە گەل
من لە هەورازم ئەوان چوونە کەل
لە پێش خەڵکەوە توجاری شار بووم
خاوەنی ڕزقی عەمار و بار بووم
ئەوەی کە ئێستا ناکا مەرحەبام
بە ڕۆژ و بە شەو کەوتبوو لەلام
با باری بەمێ بیبا بۆ شاران
یان بانگوشم بێ بە بەفر و باران
کەچی وا ئێستا ئەو بووە بە ئەشراف
هەر خۆی حیسابە بە لاف و گەزاف
خاوەن مەجلیس و حورمەت نشینە
وەکیلی قەوم و کۆڵەکەی دینە
منیش هەروەکوو فەرەنجی لەبەر
ڕێی ژوورم نییە و ئەوەستم لە دەر
تازە پێم زانی کە دەستەی دینار
لە تۆ باشترە پیاو ئەخاتە کار
هۆش و خەیاڵت بە تاڵان بردم
ڕووزەردی قەوم و بێگانەت کردم
نیوەی هۆزەکەم لێم بوونە دوژمن
خۆم ئەشارمەوە قوژبن بە قوژبن
دیوانی عورفیم بەهۆی تۆوە دی
کێ من ئەناسێ ئەگەر تۆ نەبی
لێفەی بێهۆشیت کێشا بە سەرما
عەبای ئەشرافیت داکەند لە بەرما
شیعر لە دنیا تۆ چیت بۆ کردم
یان چیم بۆ ئەکەی وەختێ کە مردم
شیری حوشتر و دیاری عەرەب
هەر لێرە هەتا ئەگاتە حەڵەب
نە تۆ بمبینە نە من بتبینم
لە سایەی تۆوە گەردەنشینم
شیعر:
موفتی گلەییت کردبوو لە من
کە ژیانی تۆم دەرهێنا لە بن
تۆ بە ناهەقی من ناپیاو ئەکەی
بێ ویژدانیت و لە هەق لا ئەدەی
وا تێگەیشتووم تۆ خوێندەوار نیت
بۆیە لە دنیا هیچ خەبەردار نیت
ئەگەر هەواڵی شاعیر ئەپرسی
وەک تۆ بوون هەموو کەم بەرگ و برسی
کەی هاتم یەخەم گرتی و وتم پێت
من بگری دنیا ڕووناک ئەبێ لێت
گەر خۆت نازانی پرسە لە کەسێ
چۆن هەڵی ئەگرێ دوو کاڵەک دەسێ
یا هۆش و فیکرت تێکەڵ پارە کە
یا بە بوونی من تۆ ئیدارە کە