ئەی سەر بەسە تاکەی لە سەرت ماوە جەهالەت
چاو هەڵبڕە نەختێ بە سەد ئەحواڵی قەباحەت
حەیوانی ئەگەر جێ لەوەڕی خۆش و مورادە
یا گەر بەشەری بێرە سەفی عیلم و دیرایەت
کەی کوفرە ئەگەر فێری بی سنعەت و حیکمەت
کەی مەنعە لە تۆ هەر دوو بە ئاسار و بە ئایەت
دەس هەڵئەبڕی دەفعی نەبووتی بە دوعا کەی
ئاسانە ببارێ بە دوعا نەبووە بە عادەت
بایع نییە خالق کە ڕزق بەیع و شیراکا
نایدا بە کەسێ دەنکە برنجێ بە عیبادەت
وەک نانی دزی حیزییە ژینێ بەم و بەو بێ
هەر چەندە کە بنوێنێ دووسەد کەشف و کەرامەت
تەعقیبی غەرەز ناکەم و دوژمن بە کەسێ نیم
نادانە نەقیزە ئەوی دانایە ئیشارەت
چاکتر لە دووسەد خەڵوەکەشی تەکیەیە مەعلوم
یەک لوقمە بە دەس بێنێ بە ڕەنج و بە کەسابەت
چەند ساڵە ئەتۆ باسی ئەکەی سووڕەتی دەججال
مەدحی کەرەکەی نایەتە تەحریر و کتابەت
تەرسی وەکوو باسی ئەکەی هەر وەکوو خورما
قابیل بە هەموو مەجلیسە پڕ زەوق و حەلاوەت
ئەوسافی گەلێ زۆرە فەراغەت نییە بۆ من
پیاوێکی ئەوێ فارغ و بێکار و بەتاقەت
دەشتێکی ئەوێ ڕۆژی حەشر کاکە لە شاما
سەیرانە لەبۆ بێ غەمی مەیدانیی قیامەت
چەند وەختە کە ئەم ڕەنجە لەگەڵ ئەم کەرە ئەیدەن
کام کافری هێناوەتە سەر دینی هیدایەت
واعیز غەزەلم تۆ بی خوا کامی درۆیە
بەس بم کە بەجێی تەعنە و تەحقیر و مەلامەت
موفتی سەبەبی خزمەتە بێ حورمەتە دایم
بیخاتە دەس کێ بە هەوەس داد و شکایەت