ئاڵەکۆک

موفتی پێنجوێنی add_a_photo
موفتی دیوانی موفتی پێنجوێنی
١٨. بۆ تۆیە وەتەن من لە وەتەن توونا کراوم
بۆ تۆیە وەتەن من لە وەتەن توونا کراوم
دێوانەسیفەت ژینمە بەدناویە ناوم
بێ حورمەتی لای خزم و برا ناحەزی واعیز
جێداری یەزیدە بە بەدی ناوی زڕاوم
من دێتە دڵم بمکوژن و هەر وەکوو مەنسوور
بڕوا بە هەدەر خوێنی نەبێ خوێنی ڕژاوم
باری خەمی تۆ بوو لەسەرم ئێستە کە وا من
وەک چینی فەنەر وایە قەفی پشتی چەماوم
شەو تا کوو سەحەر شیوەن و زاریمە هەتاکەی
بڕوانە خوڕەی خوێنی گەشی چەشمەیی چاوم
قاچ و دەسم ئیفلیجە نەما هێز و تەکانی
ئەسپی هونەری هۆش و وتەی توند و بەتاوم
بۆ غایەپەرەستی وەرە بنواڕە لە داخت
وەک تار و نەی و عوودە کزەی جەرگی بڕاوم
قەستەم بە چیا و شاخ و هەموو دەشت و نزارت
قەهر و خەمی تۆم نانە لەگەڵ گۆشت و پڵاوم
نایدەم بە گشت پارچە قوماشی هەموو دنیا
نانێکی بەڕووی تاڵ و لەگەڵ شاڵی دڕاوم
جێی بەرد و پلارم لە هەموو لاوە لەسەر تۆ
بێ عاری و سەرسەختییە بەم جۆرە کە ماوم
موفتی لە قوڕی سوور و ڕەش و شین بەسەرا کە
ئەوساکە ئەڵێم خاوەنی سەد تاج و کڵاوم

پەراوێز edit