وەکوو تەیرێ کە کەوتە چنگەڵی باز
لە چنگی تۆ دڵم نابێ سەرەفراز
وەرە وەک بولبول و گوڵ بینە هەمدەم
وەکوو تاووس و تووتی و بینە هەمڕاز
لە باسی سەرکەشی و گەردن کە دەدوان
سەری سەروی شکاند و گەردنی قاز
دەمت وەک قافیەی ئەم شیعرە تەنگە
کەلامێکی نییە بۆ من بە سەد ناز
دەری گەنجینەیی ڕزقە دەمی تۆ
خودا بیکا دەبێ بیکەم بە دەم باز
ئەگەر کوڵمت وەکوو سێو کەوتە دەستم
نیهایەت بمکوژن دەیخۆم بە یەک گاز
مەزەننە ناقیسە ئەم خەڵقە دینی
وەرە بنوێنە ڕوخسارت بە ئیعجاز
لە نەسلی کوردییە دێوانە حەمدی
مەعانی و کورد دەبێتە قاعیدە و شاز