مەکە مەنعم لە بتخانە کە نەتدیوە سەنەم کامە
لە جەننەت کەی ئەگەی واعیز کە نەبینی ئیرەم کامە
بە تەشریفی ئەگەر ئەو شۆخە مەیخانە موزەییەن کا
بە زاهید بۆ ئەڵێن نامەحرەمە ڕێگەی حەرەم کامە
بە دڵ سافی نییە شێخم وەرە بڕوانە پەڕڕەی دڵ
دەزانی جا نیگاری لەوح و ئەسراری قەڵەم کامە
وەکوو من میحنەتی هیجران ببینێ گەر شەوێ زاهید
قیامەت جا دەبینێ تێ دەگا گۆشەی عەدەم کامە
لە بەزمی وەسڵی جانانا ئەگەر هەمدەم دەمێ بووبێ
دەزانی دوردی مەخمووری شەراب و جامی جەم کامە
لە یومنی بادە تەنیا من نەمایەندەی خەراباتم
بەڵێ پیری موغان ئەلبەت ئەزانێ موحتەرەم کامە
ئەگەر مەستی نیگاهی تۆ نەبێ مەجنوونە سا حەمدی
بیابانی لەبەر چی گرتە بەر جاه و حەشەم کامە