جانا وەرە دەمێکە دوو چاوم لە ڕێوەیە
حەشرە مەزەننە بۆیە دوو عالەم بەپێوەیە
من عاشقی جەمالی کەسێکم کە کافریش
ئەو حوسنە بابڵێ دەبزانم بە کێوەیە
شێواوە سەر لە عالەم و حەیرانە عەقڵی کول
وەستاوە سالیک و هەموو عالەم لە جێوەیە
نامەی عەمەل موشابیهی ڕەنگی سیاهمە
ڕۆحم فیدات زەلیلم و چاوم لە ئێوەیە
ڕۆژێکی کەس نەپرس و زەمانێکە پڕ لە ترس
بێ ترس و پرس بفەرموو شەفیعت لەمێوەیە
حەمدی چییە گوناهی دەبێ قابیلی چی بێ
لوتفێکی تۆ عیلاجی هەموو دەردی پێوەیە