لەگەڵ عالەم کە دنیا دەستی تێکەڵ کرد وتی فەردی
مەحاڵە بەم ژنە هەرجایییە تێکەڵ ببی مەردی
نە پۆڵا و نە مس نرخی بڕشتی زیو و زەڕ ناکا
بەڵێ مەقبوولی خاسە ڕوو سپی مەرغووبە ڕوو زەردی
برا کاری جیهان نەردینە شەشدەر بگرە دوو شەشتە
ئەمە شازە یەکێ بیکا بە هەپ یەک دەفعەیێ نەردی
شکاندوویە ڕەقیب شیشەی شەرابی عەیشی ئەم خەڵقە
بە پەنجەی ئەو نەبێ لەم ئاسمانە ناکەوێ بەردی
دەوای ئازاری عوششاق و ڕەقیبان وەسڵ و هیجرانە
بەڵێ نابێ لە دنیادا ببێ فەردێ بەبێ دەردی
بە غەیری مەردی ساحێب سەفوەتی قەلبت نەبێ ئومێد
کە لافاوم نەدی بشوا لەسەر ڕوخساری خۆی گەردی
مەڵێن زۆری ئەبێتە واسیتەی کەم قیمەتی ئەشیا
کە کاڵایی وەفا قاتە بە پووڵێ ناکڕن یەردی
خەریکی ڕابیتەی فەرهاد و مەجنوونە شوکر عوششاق
بەبێ حیکمەت نییە حەمدی کە بگرێ دامەنی هەردی