لە باسی زلفتا جانا قسوورم بوو بە موو فەرموو
ڕەزام هەڵماوەسی ئەمما نە ئاڵۆزی بەشەرتێ موو
لە داغی زیوی پڕ غەش بۆتە بەردی ڕەش محەک یاڕەب
بەچی بم من لە داغی کردەوەی هەمسایەیی بەدخوو
قەباڵەی فەڕ و ئیقبالم بداتێ نامەوێ چونکە
ژنێکی هەرزەیە دنیا کە حاشا هەر دەکا بۆ شوو
هەموو کەس هەر ئەگاتە شەشدەری نەردێنی ئەم دەهرە
بە دوو شەش بێ، بە دوو سێ بێ، چ ئەمڕۆ بێ، چ فەردا زوو
نیقابی شەوقی یەکڕوویانی دنیایە سیەه بەختی
چ باکی شەو بوو کە ڕۆژی جیهان ئارا ئەبوو دوو ڕوو
لە هەمڕازی ڕەقیب ئەم شۆخە حەیرانم کە سڵ نەکا
مەگەر ئیعجازی عیشقە سەگ دەکاتە نۆبەچی ئاهوو
لە هاتووچۆیی دنیا حەمدی ئیستیغنا بکا حەقیە
نەچوو کەس بێتەوە ئەمما ئەوانەی هاتووە هەر چوو