ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
١٥. سێبەرت ئەم عەسرە داریدا بە ڕۆحی عەرعەرا
سێبەرت ئەم عەسرە داریدا بە ڕۆحی عەرعەرا
سەجدەیی شوکری کە پێ برد کەوت بەسەر تەوقی سەرا
خۆر لە تابی شەوقی مەهڕوخساری من کوللی شەوێ
چاوی هەڵنایە لە بەرتا وا لە جێگەی سێبەرا
بادەنۆشانی سەبووکەش سەهلە گەر هیممەت بکەن
هەر لە دوردی جامی مەی قوڕ دەن بە چاوی کەوسەرا
خاکسارێکی وەکوو من چۆن دەگاتە قاپی یێ
بۆ جەلال و شەوکەتە حەلقەی لە گوێچکەی قەیسەرا
شەخسی ساحێب نیعمەتە مەعرووزی فیتنەی ڕۆزگار
باغەبان ناچێ بەگژ دار و درەختی بێ بەرا
بێ تەئەممول زەحمەتە دۆزینەوەی ڕێگەی نەجات
ناخودا ئەم مەسرەعەی نووسی لە گێژی لەنگەرا
ئاگرێکی کردەوە حوسنت لە سەحرای ئولفەتا
بۆ حەسوودان ڕەنگە دۆزەخ بێ لە ڕۆژی مەحشەرا
حوکمی شەست تیری هەیە بۆ دڵ نیگاهی چاوی مەست
تیر بە شوێن تیرا دەکا نەشتەر بە شوێنی نەشتەرا
من هەزار دەفعە بڵێم زەحمەت یەکێ باوەڕ دەکا
ڕۆژە وەک ئەڵماسی پڕڵانتە لە پەنجەی ئەختەرا
حەمدی سەودایی چلۆنی وا لە ژێر سەردا سەرت
ناوی ئەو شۆخە دەنووسێ شەو لە خشتی ژێر سەرا

پەراوێز edit