ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
١٤٩. کە وەک شەونم لە داوێنی گوڵا دوڕڕی خۆشابێکم
کە وەک شەونم لە داوێنی گوڵا دوڕڕی خۆشابێکم
لە میعراجی موحیببەتدا نیساری ئافتابێکم
سەراپەردەم لە کووچەی مەوجی دەریایی وجوودایە
بەسەر گەردابەوە تاجی موزەییەن وەک حوبابێکم
غوباری خاکی شەیدایانە ئەم خاکە لە کۆیی یار
سەبا وەختی تەیەمموم چاوەڕێی تۆزە توڕابێکم
بە مەستی خوێنخواری من لە حەشرا دیدە هەڵدێنێ
کە مەستی دیدەیی مەخموورتم جامی شەرابێکم
لە ساقی گەردنا دڵ حەپسی زنجیری سەری زلفە
بە ڕەغمی ئەم حەسوودانە ئەڵێی مالیک ڕیقابێکم
فەلەک گەر پاک تینەت بێ نە ئاڵۆزێ هەوا ئەی مەه
ڕەقیب شەیتانە بۆ ڕەجمی دەبینی چۆن شەهابێکم
لە ڕووی پشکۆ چییە ئەسبابی سووتانت وتم ئەی خاڵ
لە بەزمی مەعنیی حوسنا وتی من میشکی نابێکم
لە ماڵ ئاوایی دنیا گەر غەنی ئاسوودە بێ کفرە
لە کولفەت من کە موستەغنیم شوکر خانە خەرابێکم
چرۆی کرد عیززەتی نەفسم فەقیری نۆبەرەی هێنا
کە موستەغنی لە هەر مەتڵەب لە ناخۆشی جەوابێکم
لە وەششمسا نییە ئەم ڕووپەڕە وەرگێڕە باسی زلف
لە وەللەیلا خەریکی شەرحی تەفسیری نیقابێکم
بە سفرەی بادەنۆشان لازیمە ئەشعاری شۆرەنگێز
چ خۆشە پارچەکەم جانا عەجەب لوقمە کەبابێکم
لە حەمدی لادە زاهید ناکەوێتە داوی تەزویرت
کە تۆ مەجبووری شەخسێکی منیش مەفتوونی شابێکم

پەراوێز edit