نەنۆشێ ئاوی گوڵ بولبول منیش نەینێمە سەر دەم دەم
دەبێ ئەو شیوەنی گوڵ، گوڵ بکا من گریەیی دەم دەم
کە جامی مەی کوڵی گریەی سوراحی دی دڵی پڕ بوو
بە چاوی پڕ لە ئەشکی خوێنەوە فەریادی کرد جەم جەم
وەهامزانی جەنابی غەم لە دڵدا جێی نییە هەم هات
گەلێ ماڵی دڵ ئاوا بێ کە دای جێگە و بەشی هەم هەم
فەرەح گەر هاتە کن من ناعیلاجم ئەیدەمە بەر شەق
لە یاری نامووافیق خوا نەخواستە نەک بخوا غەم غەم
ئومێدی کردەوەی شیرین لە ناشرین دەبێ نەکرێ
ئەوی جۆیایی لەعلە قەت شکی ناچێتە سەر تەم تەم
دەبێ تەشبیهی ڕوخساری بە قورسی خۆر بکەم نەک مەه
لەگەڵ ئاوی حەیاتا مەی قیاس ئەکرێ نەوەک زەم زەم
لە قورسی ڕوومەت و غونچەی دەمی حەمدی سوئالێکە
لەسەر زۆر زۆرە ئیحسانی جوانمەردان لەسەر کەم کەم