بە ساقی بڵێن موژدە بێ نەوبەهار
دەمی دا لە لێوی خەتی جوێبار
هەڵئەقوڵێت و دەپژێ لە چەشمە و لە بەرد
چی ئاوی وەک ئەڵماسی خاڵی لە گەرد
خەرامان لە دەوری گوڵستان چنار
خەریکن دەکەن مەشقی باڵای یار
چڵی گوڵ بە پەنجە ئیشارەی چرۆ
دەکا غونچە دەردی دڵی بەسمەن بۆ
لەسەر عارزی گوڵ ڕەیاحینی ڕەش
بە دامەن دەکا ئاتەشی غونچە گەش
قەدەح عەتر دەگێڕێ بە جامی سەحەر
بە بۆ کەوتووە نافی ئاهوویی بەڕ
لە ڕیزی زومڕڕود کرا فەرشی باغ
پڕی شەونمە لالە وەک شەوچراغ
هەوا میشکبار و هەور دوڕ نیسار
زەمین لایێ خازین لە لایێ عەتار
کە گوڵ سواری چڵ بوو هەڵی گرتە غار
خەزان تیپی تێکدا خزایە مەغار
لە گێژ و خول و ئیهتیزازی هەوا
لە مۆسیقە دانە درەخت یەک هەوا
سەرو چەپڵەڕێزان دەکەن تەن بە تەن
تەغەننوم دەکەن بولبولانی چەمەن
نەسیمی سەحەر ڕاست ئەخوێنێ سەبا
لە شۆری هوزاران هەزار مەرحەبا
لە ئەوجی بڵندی سەدای دوڕڕاج
بە ئەستوون فەلەک بوویەتی ئیحتیاج
بە تەرتیب و ئادابی نەسرین و گوڵ
حەریفان دەنێن دەم لە دەم دەست لە مل
لە یارانی دێرین ڕەفیقانی نوێ
پڕە سەر زەمین گوڵ بە گوڵ جوێ بە جوێ
بە شیددەت دەکەن مەجلیسی ئینتیزار
بە زایع نەچێ شەوکەتی نەوبەهار
زەمان بۆیە ئارایشی دا زەمین
کە یاران لە مەولا بە شادی بژین
وەرە ساقییا تۆش بە حەقی شەراب
بە مەیخانەیی ئەرزی ئەقدەس توراب
بە ئەوجی مەقامی موعەللایی پیر
کە ئەو جیلوە بەخشە و کە ئەو دەستگیر
بە فەڕڕاشی دەرگاهی پیری موغان
کە بۆ پایی بۆسی قەمەر دەیدوان
دەخیلە ملی مەگرە هەڵناگرێ
سوراحی ئەزییەت سەهل نادرێ
بە ئاوی موسەففا دەم و چاوی جام
بشۆ یادگاری جەمە و نابەکام
دەرێنە و پڕی کە و بدە دەم بە دەم
خوم و شیشە و جامی دەم جەم بە جەم
لە چی چەند و چلۆن و لە کەی تا بەکەی
بە توولی زەمان دائیما ڕەتلی مەی
چ مەی ئاتەشین ڕەنگ و ئاتەش میزاج
کە شا سەر بە نەشئە بدا نەک بە تاج
چ مەی وەک برووسکەی هەوا توند و ساف
لە دەم تەزکییەی کا هەتا حەددی ناف
چ مەی نووری چاوی درەختانی ڕەز
دڵی جورعە نۆشانی پڕ کا لە لەرز
چ مەی زاهیرەن خوێنی جەرگی عەقیق
بە باتین شوعاعێکی نووری حەقیق
مەیێ بێ موقەتتەر لە ئاوی حەیات
کە بشواتەوە شەرحی ڕەسمی مەمات
خیلافی بکا ساقی ڕۆژی قیام
حەشر دێ بەسەریا ئیتر وەسسەلام