پێی بەسەردا قەت مەنێن نامەرد بە عیزز و شانە ئەرز
خاکەکەی پاکی غوباری مەقدەمی جانانە ئەرز
فەرشی ڕەنگینی گوڵستان ڕەشکی گوڵزاری جینان
گەوهەری دەریایی سونعی حەزرەتی یەزدانە ئەرز
دەم بە دەم بۆ حاڵی عالەم دێتە جۆش و گریەوە
ئەشکی سوور و سوێری بەحری ئەحمەر و عوممانە ئەرز
دیم یەنارداغی وتم بێ شک سکی سووتا بە من
مادەرێکی موشفیقە لوتفی لەگەڵ ئینسانە ئەرز
جوودی حاتەم بۆتە ئەفسانە لە عالەمدا کەچی
لوقمە نانێکی بەویش داوە لەسەر ئەم خوانە ئەرز
ئاسمان و مانگ و ڕۆژ و ئەنجومم دی تێگەییم
ساحبی خەیمە و سەرا و شەمعی ئاوێزانە ئەرز
هەرچی دڵ مەیلی دەکا هەرچی نەفس لازمیەتی
حازرە بۆ چی ئیتر کوفرە بڵێم ڕیزوانە ئەرز
گەه سەری وەک کۆنە پۆشی سەوزە شاخی موددەتێ
وەک موریدی نەقشبەندی سەرسپی بەندانە ئەرز
بەم هەموو عەیبانەوە خەڵقی کە ئەچنە ماڵەکەی
ئەیگرێتە باوەشی خۆی ئەو هەموو عەیبانە ئەرز
ئەو هەموو بێ شەئنییە دەگری لەسەر شانی کەچی
تێک نەچوو ئەمما لە حیرسا دەم بە دەم لەرزانە ئەرز
گەر لە سەقفی گونبەدی ئەفلاکەوە سەیری بکەی
سابیت و دەورانە ساف و هەم خڕە هەم پانە ئەرز
دەردەخا ئەجناسی ئەشیا غائیبیشیان هەر دەکا
چەند دڵی مەعموورە یا ڕەب ماڵی چەند وێرانە ئەرز
زوبدەیی ئەولادی فەخری ئەنبیا بۆ کەم بوو بۆی
کائیناتی سەر بە سەر بۆ کرد بەیەک کاشانە ئەرز
ئاسمانی کرد بە سەقف و ئەنجومی بۆ کرد بە مێخ
کەهکەشانی کرد بە تاقی پێشی ئەو ئەیوانە ئەرز
ئەو مەهەی چونکە لە دڵدایە لەبەر چاوی نییە
بەحری ئەشکی جارییە ئەمما دڵی خەندانە ئەرز
ئەو دەمە بۆتە زیارەتگاهی ئەفواجی مەلەک
لێوی گەییە پێی و دەستی گەییە ئەو دامانە ئەرز
هەر دەبوو بمزانیایە قووەتی ئەو ڕۆحەیە
سیقلەتی بەم زۆرییە وەستاوی بێ بونیانە ئەرز
حەمدی لادە لەم حیسابە کافییە بۆ تێگەییو
مەنبەعی کوللی شتێکە مەنسەبی هەمووانە ئەرز