ئاڵەکۆک

زێوەر add_a_photo
زێوەر دیوانی زێوەر
٤٠. دنیا کە لەبەر قافڵەی ئاهم تەمە ئەمڕۆ
دنیا کە لەبەر قافڵەی ئاهم تەمە ئەمڕۆ
شۆراوی سوروشکم بەمەسەل زەمزەمە ئەمڕۆ
لێوت کە عەقیقە بووەتە ڕوکنی یەمانی
ماچی کە جەوازی نییە جێی پەنجەمە ئەمڕۆ
کۆبوونەوە حەججاجی خەیاڵم لە مینای دڵ
شەیتانە ڕەقیب ڕەجمی لەلام ئەلزەمە ئەمڕۆ
خاڵت حەجەرولئەسوەدە، بەرناکەوێ ماچی
دەستم کە بگاتێ سەبەبی ڕوتبەمە ئەمڕۆ
جان و دڵی من بۆتە سەفا و مەروە لەبۆ تۆ
ڕاکەی لە دڵا جانە! کە جێی مەقدەمە ئەمڕۆ
شەو تا بە سەحەر موزدەلیفەی حوجرەیە جێگام
ئەمما عەرەفەی کۆیی ئەتۆ جێگەمە ئەمڕۆ
مەحفووزە لە بۆسە و لە دەسی عاشقی غەمبار
دوو ڕووکنیی شامیی و ئەڵێی پەرچەمە ئەمڕۆ
''لبیک و سعدیک'' ئەڵێم: لەحزە بە لەحزە
یەعنی لە حوزوورت قەدەمم مەحکەمە ئەمڕۆ
زێوەر وەکوو حاجی لە تەوافایە هەمیشە
ئەم تەوفی ویداعی نییە لەو بێ غەمە ئەمڕۆ

پەراوێز edit