پێم خۆشە تەماشای قەدت، ئەی سەروی خەرامان
جارێ بە کەرەم سا وەرە ڕابوورە بە لامان
ئەو نەختە خەیاڵاتە کەوا ماوە لە سەرما
بێ میهری ڕوخت ڕەفعە بەیەک دەفعە لە سەرمان
ناڵێم سەنەمی، کوفرە، ئەما قیبلەی قەلبی
مەنزووری هەموو خەڵقی چ گەبر و چ موسوڵمان
بەم غەمزە و ناز و نیگەهی چاوی خومارەت
تاڵانبەری زوههادی و غارەتگەری ئیمان
جێ زەخمی موژەت مەرهەمی مەعدوومە لە دنیا
چارم نییە ئەڵبەت بە دووسەد هەر وەکوو لوقمان
زێوەر مەکە ئەمڕۆ بە نیشانی ستەمی خۆت
ئوممێدی بڕاوە لە دەوا و چاری حەکیمان