وەفایی بوت پەرستی تۆیە سەد جار کوفری زاهیر بێ
بە دینی بولبولان سەجدە حەڵاڵە گوڵ کە مەزهەر بێ
دەمێک با دەست و گەردەن بم، دەمێک با هەمدەمت من بم
نەخۆشی چاوی تۆم بەڵکوو شیفای من شیر و شەککەر بێ
قەسەم بەو لێوی خەندان! هەر ئەتۆی بەو شکڵ و باڵایە
لە جەننەتدا ئەگەر هیچ نەخلی تووبا، ئابی کەوسەر بێ
لە تاوی تیرەبارانی نیگاهت بۆچ نەناڵێنم؟
دیارە حاڵی بیمارێکی جەرگی پڕ لە نەشتەر بێ
ڕوخ و گەردنی پیشان دام پێم دەڵێ: تۆ هەر بناڵێنە
کە خۆشە نەغمەیی بولبول بەهاران وەک بەیان بەربێ
لە دوولا زولف و خاڵی عەنبەرین کەوتۆتە ڕوخساری
وەکوو تابووری هیند و چین بە باغی دڵگوشا وەربێ
کە ڕووی خۆی خستەدەر هەستا لە هەر گۆشێکی غەوغایێ
جیهان پڕ بوو لە ناڵەی عاشقان وەک ڕۆژی مەحشەر بێ
قەراری دا بە ڕۆح و دڵ بەری پێی ماچ بکەم تا سەر
ئیلاهی عەهد و پەیمانی حەبیبی من هەتا سەر بێ!
بە هەویای خاڵی لێوت کەوتمە داوی زوڵمەتی زولفت
ئیلاهی ڕەهبەری ئابی بەقام خزری پەیەمبەر بێ
لەوی ڕۆژێ کە دەستم دا لە ڕووی، سیڕڕی دەمیم زانی
بە قورئان سوێند دەخۆم کەوسەر ئەگەر وەک لەعلی دولبەر بێ
دەڵێ: بگری، ببارێنە، هەتا بێم دەست وگەردن بین
نیساری شای شەکەر لێوان دەبێ هەر لەعل و گەوهەر بێ
دەڵێ: بمرە و بسووتێ تا بە دڵ من بێمە سەر جێی تۆ
سلووکی عاشقان وایە کە دڵ دەربێ بە دڵبەر بێ
وەها مەحوی تەجەللای گەردەن و ڕوخساری تۆم قوربان
لە خاکم، ڕەنگە تا مەحشەر کە هەر نەسرین و گوڵ دەر بێ
خوشا بەو ڕۆژە گۆشەی چاوەکەی دامێ بە ناز فەرمووی:
وەفایی بۆ درەنگ هات؟ ئەی خودا جەللادی کافر بێ!