خەتی ئازادی ئەو ڕۆژە بە من دا دڵستانی من
کە سەروی قامەتی تەشریفی هێنا باغی جانی من
ئەرێ ئەی وەسڵی گوڵزارت حەیاتی جاویدانی من
ئەرێ ئەی چاوی بیمارت تەبیبی میهرەبانی من
کە سەیری حیکمەتی زاری بە عەکسی زولف و چاوی کەوت
چ زوو شێوا بە جامێک بادە، عەقڵی نوکتەزانی من؟
دوعای ڕەدد و قەبووڵ دەرحەق بە زولفی کرد و گیرا بوو
ئیلاهی تێک نەچێ عومری درێژی باغەبانی من!
بە عیشوەی زولفەکەی تۆم دا هەموو سەبر و قەراری خۆم
بە نەشئەی چاوەکەی تۆ چوو هەموو تاب و تەوانی من
سەری زولفت چییە؟ عومری درێژم، توولی ئامالم!
قەدی بەرزت چییە؟ سەروی چەمەن، ڕۆحی ڕەوانی من!
لە کن تۆ هات لە چەرخی هەفتەمین ڕابرد و نەتزانی
عەجەب مام بۆچ نەگەییە عالەمی باڵا فوغانی من!
ئەگەر مەجنوونی تۆ نیم لەیلەکەی بێمەیلەکەم بۆچی:
لە هەر کووچێک و بازاڕێکیدایە داستانی من؟
لە سەر چاهی زەنەخدان دێ و دەچێ ڕوحمی نییە زولفت
فەرەنگی ڕۆژپەرەستە، کافرە زیندانەوانی من
بە داغی زولف و خاڵی تۆ قەتارەی بەسووە فرمێسکم
خەیاڵی چین و ماچینی لەسەردا کاروانی من
کوتم: کوا حوسنەکەت؟ عەنبەرفرۆشی زولفەکەی فەرمووی:
حەبەش ئیسلامی داگرت، تێک چووە دەور و دوکانی من
لەگەڵ ئابی حەیات چ بکەم؟ بە تۆیە زیندەگی ڕۆحم
مەسیحا بۆچی بێ؟ قوربان ئەتۆی ئارامی جانی من!
لە داغی خاڵی سەر لێوت دڵم پڕ خوێن و خوێناوە
کە هیندووزادە بۆتە مەحرەمی ڕازی نیهانی من
نەخۆشی چاوەکەت، خوێنی وەفایی بۆتە دەرمانی
فیدات بم، زیز مەبە، ها بمکوژە دەردت لە گیانی من