ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
٩٢. ئەلا ئەی ساقیی مەستان! بە حەققی پیری مەیخانە
ئەلا ئەی ساقیی مەستان! بە حەققی پیری مەیخانە
بە گەردش بێنە جامی مەی بە یادی چاوی جانانە
ئەمان ئەی موتریبی مەجلیس بە حەققی تاری ڕۆحانی
بڵا بێ نەغمەکەی سازت کە ئاوی ئاوری هیجرانە
ئەتۆ ئەی ڕۆحەکەم ساقی، ئەتۆ ئەی عومرەکەم موتریب
پەیاپەی لێدە چەنگ و نەی، دەمادەم بێنە پەیمانە
بە تیری غەمزە بملاوێنەوە زولفم لە گەردەن کە
بەسەر هاتوومە مەیدانت، بە دڵ بۆت بوومە نیشانە
ئەگەر شەوقی جەماڵی تۆ نەبێ من مەست و حەیرانم
لەبەرچی بۆتە بولبول گوڵ، چرا بۆچ بۆتە پەروانە
لە شەوقی تۆیە سەرمەستە، بە زەوقی تۆیە پا بەستە
ئەگەر عاریف لە کەعبەیدا، ئەگەر کافر لە بوتخانە
لە شیرینی جەماڵی تۆیە ڕۆژی ڕوونی لەیلایە
ئەگەر فەرهادی سەرگەردان، ئەگەر مەجنوونی دێوانە
دەمێکی مەست و بیمارم، دەمێک بێهۆش و هۆشیارم
چ کەس نازانی دەردی من، مەگەر ئەو چاوە کاڵانە
دە هەر حەلقێکیدا سەد دڵ گرفتارە دەناڵێنێ
سەری زولفی پەرێشانت مەگەر زنجیری شاهانە
هەناسەی عاشقان با نەتگرێ بێمروەتی تاکەی؟
بترسێ ئەی گوڵی نازک بەدەن لەو بایی زریانە
ئەگەر زولفت وەکوو من عاشقی ڕووی تۆ نییە بۆچی:
سەراپا تێک چووە کەوتۆتە بەرپێت دەست و دامانە؟
ترازا دوگمەکەی سینەی، بە یاریی زولفی هات غەمزە
بەیان بەربوو لەلای چین، باخەبەر بن تیرە بارانە
وەفایی بۆ گوڵێکی سەروباڵا شێت و شەیدایە
وەکوو قومری دەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەلخوانە

پەراوێز edit