ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
٨١. نەخۆش و مەستی دوو چاوی کاڵم
نەخۆش و مەستی دوو چاوی کاڵم
حەقم بە دەستە ئەگەر بناڵم
بە غەمزەی چاوت بە خەندەی زارت
بردیان بە غارەت خەو و خەیاڵم
فەرمووت: چلۆنی؟ چ‏بڵێم عەزیزم؟
دوور لە زولفی تۆ ـ کافر بە حاڵم
بە یادی چاوت چوومە خەرابات
لە ڕەهنی مەی دان خەرقە و بەرماڵم
من مورغی قودسی لە لامەکان بووم
ئیلاهی ڕوحمێ شکستە باڵم
شەوێکە تاریک، ڕێیێکە باریک
هەر بە ئومێدی چرای جەماڵم
بە تیری نازت بڕاوە جەرگم
بۆ چاوی بازت نەماوە حاڵم
وەک من بە چاوت یەخسیری زولفم
کەس وا نەگیرێ بە داوی زاڵم!
خۆش بەو دەمانە گوڵ گوڵ دەپشکووت
شەکر دەباری پرسی لە حاڵم
سەبا دەخیلم هەر تاکوو ماوم
بڵێ بە زاری، بە ڕوو بە خاڵم
دەمێکی بابێ دەوای دڵم کا
بە چاوەکانی گەلێ بێ حاڵم
وەفایی چی دیت لەسەر بگێڕێ؟
نەما لەسەر تۆ نە سەر نە ماڵم

پەراوێز edit