ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
٤٣. سەرابستان خەرابستانە ئیمڕۆ
سەرابستان خەرابستانە ئیمڕۆ
بەهاری عەیشی مە زستانە ئیمڕۆ
بە زەردی پاییزی ڕەنگم دیارە
بە خاڵی ڕووتە تابوستانە ئیمڕۆ
ژیانی عومرەکەم بێتۆ زیانە
گوڵستان بۆم بە خارستانە ئیمڕۆ
تەواوی زیندەگانیت بێ وجوودت
سەراپا وەک قومارستانە ئیمڕۆ
کە نارستانی عیشقت بۆ تەجەممول
ئەوێستا نەوعی شارستانە ئیمڕۆ
هەتاوی خاکی گەرمێنت بە من چی؟ !
لە بۆ من هەر وەکوو کوێستانە ئیمڕۆ
گوڵی من بێنەزیرە، تۆ تەماشا
ویلایەت پاکی باغستانە ئیمڕۆ
خەدەنگت کاری ئەژماری بە میقیاس
هەموو مێشە و چنارستانە ئیمڕۆ
وەفا مەزلوومی بەیرووتە بە ڕووتی
هەتیوی شاری کوردستانە ئیمڕۆ

پەراوێز edit