تا بە تا لەو ڕۆژە تۆ زولفت بە ڕوودا خستەوە
من لە سایەی زولف و ڕووی تۆ ڕۆژی ڕووناکم شەوە
دا بزانن خەت لە دەوری عاریزی هات و کوتی:
«هەرچی نەیدیوە شەو و ڕۆژ نوور و زولمەت پێکەوە!»
دڵ لەسەر تاقی برۆی خۆی خستە داوی زولفی خاو
قیبلەکەم گۆڕاوە بۆیە پێم بە داوی کوفرەوە
ڕۆحی شیرینم بە چاوان وا بە زاری دەمکوژێ
قەد نەڵێ: داخۆ ئەوە فەرهادە یاخۆ خەسرەوە؟
چونکە دڵ عاشق بە ئەبرۆی بوو بە داوی زولفی بەست
حەقیە زنجیری بکا دێوانەیی ماهی نەوە
من وەها زوو مەستی مەی نابم بە نەشئەی چاوەکەت
مەرگی من ساقی لەگەڵ ئەو جامە لێوت بێنەوە
تۆ وەفاییت کوشتووە ئیسباتی کوڵمی سوورتە
ڕۆژ کە گیرابێ نیشانەی قەتڵی مەزڵوومان ئەوە