ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١١. لێوەکەی ئاڵت دەڵێن عاشق لە سووتان بەردەدا
لێوەکەی ئاڵت دەڵێن عاشق لە سووتان بەردەدا
زەڕڕەیەک نوورە بەڵێ ئاگر لە ئینسان بەر دەدا
من لە سیڕڕی حیکمەتی چاوت عەجەب ماوم، عەجەب!
ئەو نەخۆشە خوێنی قەلبی من بە موژگان بەر دەدا
ئەژدەهای زولفت تەلیسمێکە لە سیحری بابلی
میهری ئاگر شوعلە دەگرێ، ماهی تابان بەر دەدا
هیندوویی خاڵت وەنێو باغی جەماڵت کەوتووە
باغەبان خانەخەرا بێ! بۆچ گوڵستان بەر دەدا؟
لێوی یاقووتت ئەگەر قووتی ڕەوانی عاشقە
پێم بڵێ وەجهی چییە ئاگر لە ئینسان بەر دەدا
زاری تۆ گوڵزارە خۆ، بۆچ ئابی حەیوانی هەیە؟
سەروی تۆ ئازادە، بۆچ نارنج و ڕوممان بەر دەدا؟
لێوی ئاڵت چاوی کاڵت بوونە فیتنەی دین و دڵ
حەقیەتی ـ بالله ـ وەفایی دەست لە ئیمان بەر دەدا!

پەراوێز edit