ئاڵەکۆک

وەفایی add_a_photo
وەفایی دیوانی وەفایی
١٠٧. دیسان بە هەوری نیسانی دونیا ڕەنگی ژەنگاری گرت
دیسان بە هەوری نیسانی دونیا ڕەنگی ژەنگاری گرت
گوڵ زەرد و سوور هاتە دەرێ دەشت و سەحرا و کۆهساری گرت
دیسان بە نەغمەی زیر و بەم، بولبول دەڵێ بە دەرد و غەم
لە تاوی غونچەی گوڵ بەدەم، ساز و سەمتوور و تاری گرت
بەو خاترەی گوڵ دەرکەوێ، بە خەندە هەستێ لە خەوێ
هەوری بەهاری ناسرەوێ، شێوەی عاشق و دڵداری گرت
گوڵ لە باغاندا جۆشاوە، ڕەنگ ڕەنگ سەف سەفیان کێشاوە
لالە دەڵێی دڵ ئێشاوە، کەناری جۆیباری گرت
سەدای سێتا لەو خوارە دێ، ئاهەنگی تارە دیارە دێ
یا سەوتی قومری و سارە دێ؟ ، بەزمیان ڕووی گوڵزاری گرت
بولبول هاتبوە حاڵی مردن، بەرگی غونچەی وەلا بردن
تا تێر دەبێ لە ماچ کردن، خار گەردەن و بازاڕی گرت
لالە سەرتاپێی خوێناوە، جەرگی بە چەند جێ سووتاوە
دڵی هەروەک من شێواوە، داغی زولف و ڕووی یاری گرت
هەتا نەگریم نەڕوا سەبرم، دامانی یار کەنگێ بگرم
لەبەر عەمری قومری بمرم، سەروی لە نێو کەناری گرت
یاران نەکەن بازی نەزەر، بەردەنە سەیدی بازیکەر
زۆرم دی بازی بێخەبەر، شابازی دەوڵەت یاری گرت
ڕۆژێکی پیری مەیکەدە، فەرمووی: دڵت بە هیچ مەدە
ئەو دڵە پڕ لە مەفسەدە، عەکسێکی ڕووی دڵداری گرت
غافڵ بووم جارێ لە نەکاو، ڕەنگی غەیرێکم کەوتە چاو
قەلبی سەلیمی ناتەواو، نەخۆش بوو لێم ئازاری گرت
کاری دڵم چل ڕۆزە بوو، نەک بێکاری و دەرۆزە بوو
مەقسوودی من پیرۆزە بوو، ئەو ڕۆیی بووتیماری گرت
ئەو نەفسی بێهەوایی من، سەرکەش بوو بێڕەزایی من
جامی جیهان‏نومایی من، سەرزەدە بوو غوباری گرت
لەسەر تاقی برۆی جانانە، شەیدای زولفی پەرێشانە
سەوداسەر ئەو دڵ دێوانە، قیبلەی بەردا زونناری گرت
پیری من و دۆستی خودای، ڕۆحم فیدای شەرت و وەفای
دیسان لەبەر نووری زیای، هەردوو دونیا ئەنواری گرت
لەو سەهبایە ڕۆحی دڵە، ئارەقی ڕووی بەرگی گوڵە
زانی دڵم بێحاسڵە، دەستی دڵی بیماری گرت
لە سایەی ڕۆژی هیممەتی، «وەفایی» بوو بە جەننەتی
نەخلی سنەوبەر سوورەتی، بار بار بەری گوڵناری گرت

پەراوێز edit