ئەی تازە جوان پیر بێ، ئەو شێوە مەشێوێنە
بنیادی هەموو دینی، یەک دەفعە لە بن بێنە
بۆ شەمعی ڕوخی خۆتە، تۆ پووشی هەموو عالەم
یەک بارە وەکوو جەرگی پەروانە بسووتێنە
وا فاشی بە تەرسایی، مەشهووری بە عیسایی
ئیعجازی مەسیحایی، خۆڕایی مەفەوتێنە
بازاڕی خەیاڵاتی من بۆیە وەها گەرمە
ئەو یارە کە وا تاقە، ئەمڕۆ کە غەزەل سێنە
سەودایی مەهی میسرە، ئەی نەفسی عەجووزی من
چون نەقدی ئەمەل پەشمە، زوو بێنە، دە زوو بێنە
چەن ساڵە لە نێو کێوی هیجرانی بەڵادا دڵ
وەک بەرخی بەبێ ساحیب، بێ باس و سەروشوێنە
هێند چەرخی قەزا تیری هیجرانی لە ناری دا
بێچارە لە سەر تا پێ، لیباسی هەموو خوێنە