ئاڵەکۆک

ناری add_a_photo
ناری دیوانی ناری
٧١. بە مەولا گەر لەمەولا دڵ بە قوربانت نەبێ نابێ
بە مەولا گەر لەمەولا دڵ بە قوربانت نەبێ نابێ
بە دڵ گەر دڵ موتیع و بەندی فەرمانت نەبێ نابێ
کەسێ مەقسوودی کەسبی دەوڵەتی قوربی مەحەببەت بێ
غوڵامی بۆ غوڵامانی غوڵامانت نەبێ نابێ
زوهووری نووری تووری مەعریفەت بۆ چاوی بێ نوورم
لە تۆزی سورمە ڕەنگی خاکی دامانت نەبێ نابێ
فیراری قەیسەری زوڵمەت لە شاری شامی خاتردا
بە حوکمی بەرقی تیغی شاهی تورکانت نەبێ نابێ
بەیانی داستانی شیوەنی بولبول لەبەر گوڵدا
بە خەندەی لێوی شۆرئەنگێزی خەندانت نەبێ نابێ
فەلەک مەشهوورە لافی ئیقتداری ڕەفعەتە ئەمما
وجوودی بو سەریری خاکی ئەیوانت نەبێ نابێ
سەرم سەمتوورە، سینەم نەی، سوراحی دیدە، ئەشکم مەی
مەزەی مەی، یا نەوایی نەی، لە دیوانت نەبێ نابێ
لەبۆ گوڵ شۆری بولبول، شۆڕشی تووتی لەبۆ شەککەر
بە شەوقی شەهدی لێوی شەککەر ئەفشانت نەبێ نابێ
بە لالەی مەعریفەت تەعمیری قەتعەی باغە کۆنی دڵ
هەتا مەعمووری بەستی فەیزی ئیحسانت نەبێ نابێ
لە ڕۆژی کەشمەکەشدا ناریا هەرگیز نەجاتی تۆ
حیسامەددین کەفیلی باری عوسیانت نەبێ نابێ
بۆ شێخ حیسامەددین

پەراوێز edit