ئەگەر بێ خەرمەنی حوسنی بەسەر بێ
دەبێ دڵ بۆ زەکاتی ئەو بەسەر بێ
دەگا دەستم بە میعراجی ویسالی
لە ڕوویا گەر بە لەب شەققولقەمەر بێ
شەکەر وەختێ کە لافی لێوی لێدا
چەنەی شەککەر شکا تا نەیشەکەر بێ
دەکا تەرکی خەیاڵی خاڵی لەیلا
ئەگەر مەجنوون لە حوسنی باخەبەر بێ
موتەووەل بوو سەری زوڵفی لە ڕوویا
بڕی، تا موختەسەر ڕێگەی نەزەر بێ
وەکوو بەهرامە تیری چاوی مەستی
کە وا نەمدی لە دڵ جارێ خەتەر بێ
لە گەنجی خەسرەوی جەم بێ نیازم
ئەگەر دەستم کەمەربەندی کەمەر بێ
وەکوو من تۆبە ئەشکێنێ بە لێوی
خسووسەن گەر مەزەی ماچی لەسەر بێ
کەم و کورتی بە عادەت چاکە ئەمڕۆ
غەزەل حوسنی لەوایە موختەسەر بێ
هونەر ئامێزە ناری شیعرەکانت
مەگەر لای بێ هونەر بێ موعتەبەر بێ