وەک ڕوودی بەری دووڕووەیە چەشمەیی چاوم
وەک سۆزی دڵی شێخە، کزەی جەرگی بڕاوم
مەشهووری هەموو عالەم و ئافاقە کە وا من
سەودازەدەیی عیشوەیی تورکانی ڕەزاوم
تورکێ کە بە زۆری نەزەر و ناز و گرێشمە
بردوویە قەتاری خیرەدی یەغمە کراوم
ئاهوو ڕەوشێ، غەمزە فرۆشێ، بە نەزاکەت
پرسی لە عەقیدە و ڕەوش و مەزهەب و ناوم
پێم وت: کە لە زومرەی خەدەمی عاشقی ڕووتم
بۆ میهری ڕوخت، مایل و موحتاجی هەتاوم
موحتاجی دەرم، تالبی دینار و درەم نیم
غەمبار و برینداری دڵی تازە بڕاوم
ناری لە دەری حەزرەتی مەحموودە تەمەننای
دەرمانی عیلاجی دڵەکەی تازە دزاوم