چونکە هەمدەردی سولەیمانم لە سیحری دێوەدا
مەسڵەحەت وایە بڕۆم بۆ خۆم بە هەرد و کێوەدا
هەر کەسێ گەر مەیلی مەحبووبی بە دونیا بێ دەبێ
سەبری وەک من بێ لە بەر ئێشی فەلاقە و چێوەدا
ماڵی دڵ شێوێ کە تاجی عەشق بازی نایە سەر
وا لە خۆی قاپی ویقار و ئیعتیباری پێوەدا
مەوعیزە و تەزویر ئەی دڵ! بێنەوە سەر بەحسی گوڵ
قووتی ڕۆحی بولبولی دڵ وا لە غونچەی لێوەدا
موعجیزەی حوسنت نەبێ، ئەی ئافتابی بێ نیقاب
سوبحی سادق کەی تلووعی دا لە نوێژی شێوەدا
ڕەهزەنی فیکرم پەناگاهی یەخەی بگرێ بە زۆر
وەهمە کەس قابیل نییە، دز بێ، لە باغی سێوەدا
باغی گوڵ! خەندانی؛ ئەفعی! باغەبانی، تیفلی دڵ
چوو لەبۆ غونچەی دەمی، ڕەشماری زوڵفی پێوەدا
بۆ هەموو کەس خوانی یەغما بوو، شەکەرخەندەی لەبی
بۆ منی بێکەس جوێنی ترش و تاڵی تێوەدا
ناریا خۆ تەرکی دنیا ئایەتی ئازادییە
بۆ گرفتاری لە بیت الحُزنی ئەم بێ خێوەدا